ئاگرەکەی لۆس ئەنجلۆس بەتەواوی کۆنتڕۆڵکرا
١ی شوباتی ٢٠٢٥
بەرگری شارستانی ئەمریکا رایگەیاند: لە پاش 3 هەفتە لە هەوڵدان، توانرا ئاگرەکەی لۆس ئەنجلۆس بەتەواوی کۆنتڕۆڵبکرێت.
بەرگری شارستانی لە ویلایەتی کالیفۆرنیا لە رۆژئاوای ئەمریکا رایگەیاندووە، ئاگری ناوچەی پالیسایدس کە تیایدا 23 هەزار و 448 دۆنم سوتاوە، لەلایەن تیمەکانمانەوە کۆنتڕۆڵکراو هیچ مەترسییەک نەماوە.
بەرپرسانی بەرگری شارستانی ئاماژەیان بەوەشداوە، ئاگر کەوتنەوەکەی لۆس ئەنجلۆس خراپترین کارەساتی سروشتیە لە مێژووی لۆس ئەنجلۆسدا رویداوە و بەهۆیەوە 180هەزار کەس ئاوارەبوون و ماڵەکانیان جێهێشتووە.
سەبارەت بە ئاماری گیان لە دەستدانی هاووڵاتیان لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە: 28 کەس گیانیان لە دەست داوە و 16 هەزار باڵەخانە و خانو سوتاون.
کۆمپانیای AccuWeatherیش کە کۆمپانیایەکی پێشبینی کەش وهەوایە، رایگەیاند؛ پێشبینی دەکات زیانە ئابوورییەکان زیاتر لە 250 ملیار دۆلار بێت.
ئاگرەکە لە 7-1-2025ەوە لە پێنج ناوچەوە دەستی پێکرد و 31مانگ راگەیەندرا کە تەنیا دوو ناوچە ماون کۆنتڕۆڵ بکرێن و ئێستاش تیمەکانی بەرگری شارستانی ئەمریکا سەرکەوتنی تەواویان بەسەر ئاگرەکەدا راگەیاند.