ئەمرۆ چوارەمین ئاڵوگۆڕی بارمتە و زیندانییانی نێوان حەماس و ئیسرائیل بەڕێوە دەچێت، بزووتنەوەی حەماس سێ بارمتە ئازاد دەکات، لە بەرانبەر ئازادکردنی 183 فەڵەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیلدا

دوێنێ هەینی، ئەبو عوبەیدە، وتەبێژی سەربازی لیواکانی قەسام لە  راگەیەندراوێکدا وتی: لە چوارچێوەی رێککەوتنی تۆفانی ئەقسا بۆ ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان، بڕیاریان داوە ئەمڕۆ شەممە، یەکی شوباتی 2025، سێ بارمتەی ئیسرائیلی بەناوەکانی "یاردن بیباس، کیس سیگل کە هاوکات خاوەنی ڕەگەزنامەی ئەمەریکی و ئیسرائیلییە و ئۆفەر کالدیرۆن کە خاوەنی ڕەگەزنامەی فەرەنسی و ئیسرائیلییە ئازاد بکات."

لای خۆیەوە نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، لیستی ئەو بارمتانەیان بە دەست گەیشتووە کە لەلایەن حەماسەوە ئازاد دەکرێن.  

ئاماژەی بەوەش داوە، وردەکاریی سەبارەت بە ڕێکارەکانی ئاڵوگۆڕکردن دواتر بڵاو دەکرێتەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە، لیواکانی قەسام گرتەی ڤیدیۆیی پرۆسەی ڕادەستکردنی قۆناغی سێیەمی بارمتەکانی ئیسرائیلی بڵاو کردەوە، کە سێ بارمتەی ئیسرائیلی لە بەرانبەر ئازادکردنی 110 زیندانی فەڵەستینی ئازاد کران.