وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، وڵاتەكەی خوازیارە لاپەڕەیەكی نوێ لەگەڵ ئەمریكا هەڵبداتەوە و ئەوەش پێویستی بە دروستبوونی متمانەیە كە لەسەر دەستی ترەمپ چاوەڕوان نەكراوە.

عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، واشنتۆن و تاران مێژوویەكی دورودرێژیان لە ناكۆكی و ململانێ هەیە تا ئاستێك گەیشتووەتە دوژمنایەتی و ئەوەش بە كوژرانی قاسم سولەیمانی و كشانەوەی ئەمریكا لە رێككەوتنی ئەتۆمیی و هێرشكردنە سەر پێگەكانی ئێران زیاتر دەركەوتووە.

وتیشی، سەرەڕای هەموو ناكۆكییەكان، ئێران خوازیارە لاپەڕەیەكی نوێی لەگەڵ ئەمریكا بكاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە واشنتۆن متمانەی تاران بەدەستبهێنێت و لە ئێستاشدا هەنگاوی لەو شێوەیە لە ئیدارەی نوێی ئەمریكا بە سەرۆكایەتی دۆناڵد ترەمپ بەدی نەكراوە و چاوەڕوانی ئەوەش ناكرێت.

وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشكردووە، "ئەمریكا بڕێكی زۆر لە پارە و داهاتەكانی ئێرانی بلۆك كردووە و بڕیابوو بە پێی رێككەوتنەكان ئەو پارانە رادەست بكاتەوە، بەڵام بە پێچەوانەی پابەندبوونی ئێران و رێككەوتنەكان، هیچ بڕە پارەیەكی بلۆككراو ئازاد نەكراوە، بۆیە تەنها بە قسە متمانە لە نێوان تاران و واشنتۆن دروست نابێت".