دوای كۆتاییهاتنی قۆناغی یەكەمی ئاگربەست، ناتانیاهۆ ئامادەكاری بۆ قۆناغی دووەمی ئاگربەست دەستپێكردووە.

میدیاكانی ئەمریكا بڵاویانكردەوە، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل سیناریۆیەك  بۆ قۆناغی دووەمی ئاگربەست تاوتوێ دەكات و ئامادەكاریشی كردوە بۆئەوەی لە هەر ساتێكدا بێت سوپای وڵاتەكەی بگەڕێتەوە بۆ غەززە و شەڕ دەستپێدەكاتەوە.

ئەوەش لە كاتێكدایە، كە ستیڤ ویتكۆف نێردەی تایبەتی ترەمپ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەردانی ئیسرائیل دەكات وەك ئامادەكارییەك بە مەبەستی سەردانی رەسمی ناتانیاهۆ بۆ واشنتۆن لە هەفتەی داهاتوودا.

ئاماژە بەوەشكراوە، ئاگربەست لە كەرتی غەززە لە قۆناغەكانی داهاتوودا روبەڕوی ئاستەنگی جددی دەبێتەوە، كە بڕیارە لە دوو قۆناغەكەی تردا 30 ئیسرائیلی دیكە بەرامبەر بە هەزار و 600 فەلەستینی ئازاد بكرێن.

رۆژی پێنج شەممە، قۆناغی سێیەمی كاروانی یەكەمی ئاڵوگۆڕی بارمتە و زیندانییەكان لە نێوان حەماس و ئیسرائیل كۆتاییهات كە 8 بارمتە بەرامبەر بە 110 زیندانی فەلەستینی ئازادكران.