میدیاكانی سوید رایانگەیاند، شەوی رابردوو لە ماڵەکەی خۆیدا تەقە لە سەلوان مۆمیكا كراوە و كوژراوە. سەلوان ئەو پەنابەرە عیراقییە بوو لە سوید کە چەند جارێک قورئانی سوتاندووە.

میدیاکانی سوید باس لەوەدەکەن، تەرمی سەلوان لە ماڵەکەی خۆیدا دۆزراوەتەوە و تەقەی لێکراوە.

سەلوان مۆمیکا ئەو پەنابەرە عیراقییە بوو کە لە 28ی حوزەیرانی ساڵی 2023دا لە شاری ستۆکۆڵمی پایتەختی سوید کۆپییەکی قورئانی سوتاند، ئەو کارەش ناڕەزایەتی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێنا. بەڵام دواتر چەند جارێکی دیکەش ئەو کارەی دووبارە کردەوە.

رۆژێک دوای ئەوە وەزارەتی دەرەوەی عیراق نامەی ناڕەزایەتی دایە باڵیۆزی سوید لە وڵاتەکەی، بەهۆی ئەوەی رێگەیدراوە ئەو کارە بکات.

دواتریش لە بەغداد خۆپیشاندان دەستیپێکرد و خۆپیشاندەران چوونە ناو باڵیۆزخانەی سویدەوە.

بەهۆی ئەو کارەوە لە مانکی 10ی هەمان ساڵدا فەرمانگەی کۆچی سوید بڕیاریدا لە وڵاتەکە دەریبکات و بۆماوەی پێنج ساڵیش رێگەی پێنەدرێت بچێتەوە سوید، بڕیارەکەش مشتومڕی دروستکرد، چونکە بەپێی ئەو رێککەوتننامە نێودەوڵەتییانەی سوید بەشدارە تێیاندا، رێگەنادرێت ئەو پەنابەرانە بنێردرێنەوە وڵاتەکانیان کە بڕیاری لەسێدارەدانیان هەیە.

سەلوان سەباح ناسراو بە سەلوان مۆمیکا لە ساڵی 1986 لە حەمدانیە لەدایک بووە و لە ساڵی 2019دا رایگەیاند، کە ئەو هیچ ئایینێکی نییە.

سەلوان پێشتر خۆی بە چالاکوان ناودەبرد و لەدوای سەرهەڵدانی داعش گروپێکی تیرۆرستی دامەزراند و دواتر بەرەو سوید هەڵهات، لە عیراق بڕیاری لەسێدارەدانی هەبوو و دادگا بە فەرمی داوای لە سوید کردبوو، بینێرێتەوە عیراق.