ئەحمەد شەرع بە سەرۆك كۆماری سوریا بۆ قۆناغی راگوزەر دیاریكرا
٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
ئیدارەی نوێی سوریا، سەركەوتنی شۆڕشی سوریای راگەیاند و ئەحمەد شەرعی بە سەرۆك كۆماری سوریا بۆ قۆناغی راگوزەر دیاریكرد.
حەسەن عەبدولغەنی، وتەبێژی ئیدارەی سوریا لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەحمەد شەرع ئەركەكەكانی وەك سەرۆك كۆماری عەرەبی سوریا رادەپەڕێنێت و نوێنەرایەتی سوریا دەكات لە كۆڕ و كۆڕبەندە نێودەوڵەتییەكان، هاوكات ناوبراو راسپێردراوە بۆ پێكهێنانی ئەنجومەنێكی یاسادانانی كاتی لە سوریا.
ئەحمەد شەرع لە وتارێکدا بە بۆنەی "سەرکەوتنی شۆڕشی سوریا" رایگەیاند: کاری لە پێشینەمان پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەیە کە لە دەسەڵاتدا دروستبووە، هەروەها پارێزگاری کردن لە ئاشتی و پێکهێنانی دامودەزگای دەوڵەت لە پێشینەی کارەکانمان دەبێت.
ئیدارەی سوریا بڕیاریدا، كاركردن بە دەستووری ساڵی 2012 و یاسا نائاساییەكان هەڵبوەشێنێتەوە، هەروەها بڕیاریدا لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی گەل و سەرجەم لیژنە پەیوەندیدارەكانی، بڕیاریشیدا بە هەڵوەشاندنەوەی حزبی بەعس و بنیادنەوەی لەژێر ناوێكی تر و هاوكات گەڕاندنەوەی سەرجەم سەروەت و سامانی ئەو حزبە بۆ سوریا.
هەروەها، ئیدارەی سوریا رۆژی 8ـی مانگی 12ـ بە رۆژێكی نیشتمانی دیاریكرد و بڕیاریدا، بە هەڵوەشاندنەوە سوپا و دەزگا ئەمنییەكان و سەرجەم گروپە چەكدارەكانی رژێمی پێشوو و یەكخستنەوەیان لەریزی سوپایەكی نیشتمانی.
ئیدارەی سوریا لە كۆتاییشدا، هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم گروپە چەكدارەكان و ئۆرگانە سیاسی و مەدەنییە شۆڕشگێڕەكان راگەیاند، لەنێویشیاندا دەستەی تەحریر شام.