ژمارەیەك پەرلەمانتاری ئەوروپا پشتیوانی لە خۆبەڕێوەبەری باكور و رۆژهەڵاتی سوریا دەكەن
هادی
٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
ژمارەیەك پەرلەمانتاری ئەوروپا داوا لە كۆمسیۆنی یەكێتی ئەوروپا دەكەن، پشتیوانی لە خۆبەڕێوەبەری باكور و رۆژهەڵاتی سوریا بكات، لەبەرئەوەی خۆبەڕێوەبەری مۆدێلێكی گرنگە بۆ ئایندەی سوریا و تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لە دژی هێرشەكانی توركیا بۆسەر باكور و رۆژهەڵاتی سوریا، 21 پەرلەمانتاری ئەوروپا نامەیەكیان ئاراستەی كایا كاڵاس جێگری سەرۆكی كۆمیسیۆنی یەكێتی ئەوروپا دەكەن و تیایدا نیگەرانییەكانیان لەبارەی سوریا و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باكور و رۆژهەڵاتی سوریا خستووەتەڕوو و رایانگەیاندووە، ئێستا كاتی بڕیاردانە لەبارەی داهاتووی سوریا، خۆبەڕێوەبەری باكور و رۆژهەڵاتی سوریاش، كە مۆدێلێكی ئاشتیخواز و فرە كلتورە، لە ژێر هێرشی بەردەوامی توركیادایە و پێویستە پشتگیری لەو كۆمەڵگە دیموكراتیە بكرێت و فشار لە توركیاش بكات هێرشەكانی رابگرێت.
لە بەشێكی تری نامەكەدا هاتووە، بە هیوان یەكێتی ئەوروپا لە بەرانبەر ئەو دەستوەردانە دەرەكییە مەترسیدارە، پشتگیری لەو پێشكەوتنە نموونەییانە بكات كە بە پێشەنگایەتی سورییەكان لە باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هاتووەتەدی و مۆدێلێكی گرنگە بۆ ئایندەی سوریا و تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.