بڕیارە رۆژی 4ی مانگی داهاتوو، دۆناڵد تڕەمپ و ناتانیاهۆ کۆببنەوە و بەپێی زانیارییەکان، پرسی سەرەکی کۆبوونەوەکەیان شەڕی غەززە دەبێت.

نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندووە، دۆناڵد تڕەمپی سەرۆکی ئەمریکا بە رەسمی ناتانیاهۆی بانگهێشتی کۆشکی سپی کردووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ناتانیاهۆ بۆ ئەو مەبەستە لە چەند رۆژی داهاتوودا دەچێتە ئەمریکا و رۆژی 4ی شوبات، لەگەڵ دۆناڵد تڕەمپ لە کۆشکی سپی کۆدەبنەوە.

ئەوەش هاتووە، دوای ئەوەی بۆ دووەمجار دۆناڵد تڕەمپ وەک سەرۆکی ئەمریکا هەڵبژێردرایەوە، یەکەم میوانی بیانی کە میوانداری دەکات، بنیامین ناتانیاهۆ دەبێت.

لەلایەکی دیکەوە میدیاکانی ئیسرائیل باس لەوە دەکەن، لە کۆبوونەوەکەیاندا، تڕەمپ و ناتانیاهۆ، ئاگربەست لە غەززە تاوتێ دەکەن و باس لە پرسەکانی پەیوەندیدار بە ناوچەکەش دەکەن.

ئەمەش دوای ئەوە دێت، هەفتەی رابردوو دۆناڵد تڕەپمی سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەکرد، ئەمریکا دەیەوێت شەڕی غەززە کۆتایی پێبێت و لەرێگای ئوردون و میسڕەوە دانیشتووانی غەززە دەگوازنەوە. وتیشی، لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگ قسە دەکات.