بۆ یەكەمجار لەدوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، وەفدێكی باڵای روسیا گەیشتە سوریا، بۆ پێداچوونەوە بە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات، لەسەرجەم بوار و ئاستەكاندا.

میدیاكانی روسیا بڵاویانكردەوە، وەفدەكە بە سەرۆكایەتی  میخائیل بوگدانۆڤ جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا و ئەلیكساندەر لاڤرینیتڤ نێردەی تایبەتی سەرۆكی روسیا بۆ سوریا لە دیمەشقە، بڕیارە لەسەر چەند پرسێك لەگەڵ لێپرسراوانی ئیدارەی نوێی سوریا گفتوگۆ بكەن لەنێویاندا، ئەحمەد شەرع. 

ئەوەشیان خستووەتەڕوو، پێداچوونەوە بە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە هاوبەشەكان، بەشێكی گفتوگۆكانی وەفدەكە دەبێت لە دیمەشق. .

تائێستا میدیاكانی سوریا، زانیارییان لەسەر سەردانی ئەو وەفدە روسییە بڵاونەكردووەتەوە، بەڵام پێشتر، جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاندبوو، مۆسكۆ لەگەڵ سەربەخۆیی و یەكپارچەیی خاكی سوریایە و بۆ ئەو مەبەستەش، لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەو وڵاتە لە گفتوگۆدان

رۆژی 8-12-2024، رژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا لەسەر دەستی دەستەی تەحریر شام رووخاو و بەشار ئەسەد دیمەشقی بەجێهێشت و خۆی گەیاندە مۆسكۆی پایتەختی روسیا.