ئەمریكا گەورەترین قەڵغانی دژە موشەكیی دروستدەكات
زاهیر
٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
ترەمپ فەرمانی دروستكردنی گەورەترین قەڵغانی دژەموشەكیی بۆ ئەمریكا دەدات و بەشداریی هاوڕەگەزخوازانیش لە ریزەكانی سوپادا قەدەغە دەكات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتەیەكگرتوەكانی ئەمریکا بڕیاری دروستكردنی گومەزی ئاسنینی وەك گەورەترین قەڵغانی دژە موشەكیی بۆ وڵاتەكەی ئیمزا كرد.
بڕیارەكەی ترەمپ لە كاتێكدایە ئەمریكا لە ساڵی 2011 هاوكاریی ئیسرائیلی كرد بۆ دامەزراندنی سیستمی گومەزی ئاسنین لەو وڵاتە.
دۆناڵد ترەمپ هەر رۆژی سێشەممە هاوكات لەگەڵ بڕیاری دامەزراندنی سیستمی گومەزی ئاسنین، فەرمانی كرد تەنها رێگە بە بەشداریی دوو رەگەزی ژن و پیاو لە ریزەكانی سوپای ئەمریكادا بدرێت و هیچ رەگەزێكی دیكە یان هاوڕەگەزخوازان لە ریزەكانی سوپادا بەشدارییان پێ نەكرێت وەك سەرباز.
پێشتر دۆناڵد ترەمپ لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەڵێنی دابوو گەورەترین و بەهێزترین قەڵغانی موشەكیی بۆ وڵاتەكەی دابمەزرێنێت و رێگرییش لە بەشداریی هاوڕەگەزخوازەكان لە ریزەكانی سوپا و زۆربەی پلە و پۆستە ئیدارییەكان بكات.