ئەمریكا درێژكردنەوەی ئاگربەستی نێوان لوبنان و ئیسرائیلی بۆ 18ی مانگی داهاتوو راگەیاند.

كۆشكی سپی ئەمریكا لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئاگربەستی نێوان لوبنان و ئیسرائیل تا 18ی دوو بەردەوام دەبێت و ئیسرائیل و لوبنان و ئەمریكاش دانوستان دەستپێدەكەن لەبارەی گەڕانەوەی ئەو لوبنانیانەی لە دوای 7ی ئۆكتۆبەری 2023ەوە دەستگیركراون.

حكومەتی كاربەڕێكەری لوبنانیش رایگەیاند، رەزامەندییان دەربڕیوە لەسەر درێژكردنەوەی ماوەی ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل بە نێوەندگیری ئەمریكا.

ئەوەش لەكاتێكدایە، ئاژانسی هەواڵی لوبنان ئاشكرایكردوە، ئیسرائیل تەقینەوەیەكی بەهێزی لە ناوچەی كەفەركەلا لە باشوری لوبنان ئەنجامداوە، بەپێی ئامارێكیش كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی لوبنانەوە بڵاوكراوەتەوە، بەهۆی هێرشەكانی ئیسرائیلەوە، 22 كەس لە كاتی گەڕانەوەیان بۆ شارۆچكەكانیان لە باشوری لوبنان كوژراون.