رێكخراوی یونیسێف دەڵێت نزیكەی 500 ملیۆن منداڵ لە ناوچە مەترسیدارەكاندا مەترسی گیانلەدەستدان یان برینداربوونیان لەسەرە.

رێكخراوی 'یونیسێف' تایبەت بە كاروباری منداڵان لە نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند، ساڵی 2024 یەكێكە بووە لە خراپترین ساڵەكان بۆ منداڵانی ناوچە مەترسیدار و جێناكۆكەكان.

بەپێی زانیارییەكانی رێكخراوەكە، لە ئێستادا نزیكەی 473 ملیۆن منداڵ لە ناوچە مەترسیدارەكان و ململانێ لەسەرەكاندا دەژین، واتە لە هەر شەش منداڵێك، مندالێك لە مەترسیدا دەژی لە سەرانسەری جیهاندا.

لە راپۆرتەكەدا ئاماژە بەوە كراوە، رێژەی منداڵانی دانیشتووی ئەو ناوچانەی مەترسییان لەسەرە دوو هێندە زیادیكردووە لە نزیكەی 10% لە ساڵانی نەوەدەكانەوە بۆ نزیكەی لەسەدا 19% لە ئێستادا.

رێكخراوەكە رونیشیكردووەتەوە، ئەم منداڵانە بەدەست كوشتن و برینداركردنەوە دەناڵێنن، راشیگەیاندووە، لەئێستادا زیاتر لە 52 ملیۆن منداڵ لە وڵاتانی زیانلێكەوتوو كە ململانێیان تێدایە، ناچنە خوێندنگە.