یەکێتی ئەوروپا دەیەوێت سزاکانی سەر سوریا هەڵپەسێرێت
هەساو ئەمیر
٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
یەکێتی ئەوروپا دەیەوێت بەشێک لە سزاکانی سەر کەرتی وزە و گواستنەوە و دارایی سوریا هەڵپەسێرێت.
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا گفتوگۆ لەبارەی سوککردنی سزاکانی سەر سوریا بکەن بەتایبەت لە کەرتەکانی وزە و گواستنەوە و داراییدا، لەو بارەیەوە کایا کالاس نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەوروپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش ئاماژەی بەوە کرد، چاوەڕوان دەکرێت بڕیارێکی سیاسیی بدرێت.
دەشڵێت، "بەڕاستی ئامادەین شاندی یەکێتیی ئەوروپا لە دیمەشق بەڕووی تەواوی ستافەکەیدا بکەینەوە. داهاتووی سووریا ناسکە بەڵام جێگەی دڵخۆشییە. لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە بواریان پێبدەین بۆ ئەوەی هەنگاوی دروست بنێن، پێویستە ئەوە ببینین. لە ئێستادا وتەی دروست دەڵێن. بەڵام ئایا کاری باشیش دەکەن؟ بۆیە ئەمە هەڵوێست و رێبازێکە 'هەنگاو بەرامبەر هەنگاوە'. ئەگەر هەنگاوی دروست بنێن، ئێمەیش ئامادەی هەڵنانی هەنگاوین''.
لەلایەکی دیکەوە ژان ئۆنێلی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا باسی لەوەکردووە، لەبارەی هەڵپەساردنی سزاکانەوە بڕیار دەدرێت.
باسی لەوەشکرد، ئەو سزایانە رێگرن لەوەی لە ئێستادا ئابووریی وڵاتەکە سەقامگیر ببێت و دەست بە پرۆسەی سەرلەنوێ بنیاتنانەوە بکرێت.
وتیشی، هەرجۆرە بڕیارێک بۆ هەڵپەساردنی سزاکان، ڕاستەوخۆ پەیوەستە بەو پێشهاتانەی لە سوریا روودەدەن.