مەزڵوم كۆبانێ هۆشداری توند دەداتە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی
١٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
مەزڵوم كۆبانێ هۆشداری توند دەداتە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دەڵێت، داعش تائێستا مەترسی جدیە و پیلانی هەیە بۆ هەڵكوتانە سەر گرتووخانەكان و گەڕانەوە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات هەسەدە، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی زەسەنی بەریتانی رایگەیاند، هەوڵێكی تیرۆرستانی داعشیان شكستپێهێناوە كە هەوڵیانداوە گرتووخانەكەن بشكێنن.
وتیشی، داعش تەنها مەترسی نییە لەسەر سوریا، بەڵكو بۆ هەموو جیهان هەڕەشە و مەترسییەكی گەورەیە.
راشیگەیاند، زانیاری وردیان هەیە كە داعش هەموو هەوڵەكانی چڕ كردووەتەوە بۆ هەڵكوتانە سەر گرتووخانەكان کە ٦٠ هەزار چەكداری داعش و خێزانەكانیانی تێدایە و ئامادەن بگەڕێنەوە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە مەبەستی دەستپێكردنەوەی كردەوە تیرۆریستییەكانیان.
مەزڵوم كۆبانێ ئاماژەی بەوەشكرد، لە ئێستادا تەنها داعش نا، بەڵكو مەترسی گروپە جیهادییەكانیش بەردەوامە تا ئەو كاتەی ئەو بنەمایەنە دەشكێنرێت كە ئەو گروپانە لەسەری دامەزراون.