ئەحمەد شەرع: ناتوانرێت سوریای نوێ بە هێزی چەكدار بونیات بنرێت
١٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
سەرۆكی ئیدارەی نوێی سوریا دەڵێت ناتوانرێت سوریای نوێ بە هێزی چەكدار بونیات بنرێت.
ئەحمەد شەرع سەرۆكی ئیدارەی نوێی سوریا لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا هەڵوێستی لەبارەی بونیاتنانی دەوڵەت و هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەكدارەكان ئاشكراكردوە و رایگەیاندووە، مەحاڵە دەوڵەتێك بە گروپە چەكدارەكان بونیات بنرێت و بەهیچ شێوەیەك كاری لەو جۆرە ناكەن.
جەختیشیكردووەتەوە لە گرنگی دوركەوتنەوە لە تۆڵەسەندنەوە و عەقڵیەتی شۆڕشگێرانە لە كاتی پێكهێنانی حكومەتی نوێی سوریا، چونكە ئەو شێوازە تەنها بۆ كۆتایهێنان بە دەسەڵاتێك دەبێت نەك بۆ بونیاتنانی دەوڵەتێك، ئەحمەد شەرع ئاماژەی بەوەشكردوە، دوای كۆتاییهێنان بە رژێمەكەی ئەسەد توانیویانە پێگەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی بۆ سوریا بگەڕێننەوە.