کەشناسیی هەرێم: لە سلێمانی و دەوروبەری نمەباران دەبارێت
دیلان
٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
کەشناسیی هەرێم ئاشکرایدەکات، شەپۆلێکی بارانبارین بەشێک لە ناوچەکانی کوردستان دەگرێتەوە و پلەکانی گەرماش گۆڕانکارییان بەسەردا دێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانیی هەرێم پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ 24 سەعاتی داهاتوو بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، ئەمڕۆ ئاسمان نیمچەهەور بۆ هەوری تەواو دەبێت، بارانبارین بە پچڕپچڕی لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆوە دەستپێدەکات و پاشان کاریگەرییەکەی درێژدەبێتەوە بۆ ناوچەکانی ئیدارەی سۆران، راپەڕین، پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە.
راشیگەیاند، لە هەندێک کاتدا بارانبارینەکە بە شێوەی تاوەباران و هەورەبروسکە دەبێت، بەڵام لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوری هەرێم ئەگەری بارانبارین کەمتر دەبێت لە کاتەکانی شەودا کەشوهەوا سەقامگیر دەبێتەوە.
سەبارەت بە کەشوهەوای سبەینێ کەشناسیی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، ئاسمانی هەرێم لە نێوان پەڵەهەور و نیمچەهەوردا دەبێت، لەگەڵ ئەگەری بارینی کەمێک نمەباران لە ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری، پلەکانی گەرماش بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ، کەمێک بەرزتر دەبنەوە.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراوی سبەینێ:
هەولێر: 27 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 26 پلەی سیلیزی
دهۆک: 25 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 27 پلەی سیلیزی
سۆران : 21 پلەی سیلیزی
پیرمام: 23 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: 27 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 26 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 32 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 16 پلەی سیلیزی


