کۆمپانیای ئێمپری بەریتانی رایگەیاند، کەشتیەک کە خاوەنەکەی ئەمریکییە و ئاڵای یۆنانی ھەڵکردووە دووجار لە رۆژھەڵاتی عەدەنی یەمەن لە ماوەی دوو سەعاتدا ھێرشکراوەتەسەری، بەڵام تیمی ناو کەشتیەکە ھیچ زیانێکی گیانیان پێنەگەیشتووە. 

مدیایەکی نزیک لە حوسییەکان رایگەیاند، ئەمریکا و بەریتانیا بۆردومانی چەند پێگەیەکی حوسییەکانیان لە شاری حودەیدیەی یەمەن کردووە.

میدیایەکی بەریتانیاش ئاماژەی بەوەکردووە، کەشتیەکی وڵاتەکەیان لە نزیک عەدەن ھێرشکراوەتەسەری و موشەکەکان لە نزیک چەند مەترێک لە کەشتیەکە کەوتوونەتە خوارەوە.

ھاوکات، یەحیا سەریع وتەبێژی سەربازی حوسییەکان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کەشتییەکی بارھەڵگری بەریتانیان بەناوی "روبیمار" لە کەنداوی عەدەن بەچەند مووشەکێک کردووەتە ئامانج و بەھۆی ئەو زیانە گەورەیەی بەریکەوتووە، مەترسی نقومبوونی لەسەرە، بەڵام تیمی کەشتییەکە بە سەلامەتی چونەتە دەرەوە.