لە دێرەزور سوپای پاسداران ١٠٠ چەکداری سوری نزیک لە ئێران دەستگیر دەکات
کوردسات نیوز
١٠ی شوباتی ٢٠٢٤
سەرچاوەیەکی سەربازی بە ئاژانسی نۆرس پرێسی راگەیاندووە، ئەو کەسانە دوای زنجیرە ھێرشەکانی ئەمریکا بۆسەر پێگەی گروپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێران دەستگیرکراون، بەھۆی ئەوەی گومان دەکرێت لەبارەی جوڵەی ھێزەکانی ئێران زانیارییان دابێتە ئەمریکا.
باسی لەوەشکردوە، ھەڵمەتەکە لەنێوان دێرەزور و شارۆچکەی مەیادین ئەنجامدراوە، ھاوکات چەند رۆژێکیشە ھێزەکانی حکومەت ھەڵمەتێکی گەڕان و پشکنینیان بەھەمان ھۆکار لە رۆژھەڵاتی دێرەزور دەستپێکردووە.
لە حەوتی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوەوە، ژمارەیەک لە دیارترین سەرکردەکانی سوپای پاسداران لە سوریا لەلایەن ئیسرائیلەوە بەئامانج گیراون، ئەمریکاش چەندینجار کۆگای گروپە چەکدارییەکانی نزیک لەئێرانی لەو وڵاتەدا بۆردومانکردووە.