ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە، بەرپرسانی ھەواڵگری ئەمەریکا لە میانی راپۆرتێکدا بۆ کۆنگرێس ڕایانگەیاندووە، ئیسرائیل توانای شەڕی بزووتنەوەی حەماسی لاواز کردووە، بەڵام لە نەھێشتنی ئەو بزووتنەوەیە نزیک نەبووەتەوە کە ئامانجی سەرەکیی ئەو وڵاتە شەڕکەرەیە.

دەشڵێت، بەرپرسانی ئەمەریکا گومانیان لەسەر ئەوە دروستکردووە کە ئایا لەناوبردن یان نەھێشتنی حەماس ئامانجێکی واقیعییە یان نا، بەو پێیەی حەماس وەک ھێزێکی پارتیزانی لە تۆڕێکی ئاڵۆزی تونێلەکاندا خۆیان حەشاراداوە، ھەربۆیە ڕەنگە لاوازکردنی ھێزی بزووتنەوەکە ئامانجێکی بەدیھاتووتر بێت تا لەناوبردنی.

بەرپرسانی ھەواڵگری ئەمریکا جەختیان لەوە کردووەتەوە، کوشتنی فەلەستینیەکان دەبێتە ھۆی رق ئەستووری ئەوانیتر و بەمەش ھێزی حەماس زیاتر دەبێت.

ئەو راپۆرتە لەکاتێکدایە کە سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، ھێزەکانیان ژێرخانی بزووتنەوەی حەماس لە خان یونس ھەڵدەوەشێنن و بەوتەی خۆیان یەحیا سینوار سەرۆکی حەماس لەوێ خۆی حەشارداوە.