باراک ئۆبامای سەرۆکی پێشوتری ئەمریکا رایگەیاند، ئەمریکا دوای جەنگی ئێران سەرەڕای بە فیڕۆدانی ملیارەها دۆلار لە رەوشێکی خراپتردایە.

باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشوتری ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەرنامەی "تودەی شۆ" لە تۆڕی (NBC News)، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی بەرانبەر بە راگەیاندنی ئاگربەست، رەخنەی توندی لە سیاستەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ گرت.

ئۆباما رایگەیاند، ئەمریکا دوای جەنگی ئێران، ئێستا لە رەوشێکی خراپتردایە بە بەراورد بە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکە لە مانگی شوباتدا.

ئۆباما ئاماژەی بەوەکردوە، رێککەوتنی ئەتۆمی (برجام)، کە دۆناڵد ترەمپ لێی کشایەوە  ئێران رازی ببوو چەکی ئەتۆمی گەشە پێ نەدات، بەڵام دۆناڵد ترەمپ لە رێککەوتنەکە کشایەوە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ئێران توانای ئەتۆمیی زیاتر بەدەستبهێنێت.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە تێچووە قورسەکانی ئەو جەنگە کردوە و دەڵێت؛ ئێمە چوینەتە ناو جەنگێکەوە، کە ملیارەها دۆلاری تێدا خەرج کراوە و گوشارێکی یەکجار زۆرمان خستەوەتە سەر سوپای وڵاتەکەمان.

ئۆباما وتوشیەتی؛ لەم پێناوەدا کەسانی زۆر کوژران و ئێستاش وا دیارە رێک گەڕاوینەتەوە بۆ هەمان ئەو خاڵەی کە پێش دەستپێکردنی جەنگەکە لێی بووین؛ بەو جیاوازییەی کە رەنگە ئێستا رەوشمان کەمێک خراپتریشبێت.