ڤیدانت پاتێل جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، لەئێستادا تەنھا دەروازەی گرنگ کە تایبەتە بە گەیاندنی ھاوکارییە مرۆییەکان بۆ زیانلێکەوتووان و لێقەوماوانی کەرتی غەززە، تەنھا دەروازەی رەفەحە لەسەر سنوری میسر کە ئێستا بە وتەی بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، سوپای ئەو وڵاتە ھەموو ئامادەکارییەکی کردووە بە مەبەستی دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنێکی سەربازیی لە شارۆچکەی رەفەح.

وتیشی، ئەمریکا لەو بارەیەوە ھۆشداری داوەتە ئیسرائیل لە ھێرشکردنە سەر شارۆچکەی رەفەح کە دەبێتە ھۆی کارەساتێکی گەورەی مرۆیی، چونکە تەنھا دەروازەیە کە لە رێگەیەوە وڵاتانی جیھان ھاوکارییە مرۆییەکانیان دەگەیەننە کەرتی غەززە، بۆیە پێویستە ئیسرائیل زۆر بە وردی بیر لە بابەتێکی لەو جۆرە بکاتەوە و ژیرانە بڕیار بدات.