تاران داوای لێپرسینەوە لە ئەمریکا و بەریتانیا و کەنەدا دەکات
کوردسات نیوز
١٠ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣
ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە لێپرسینەوە لە حکومەتەکانی ئەمریکا و بەریتانیا و کەنەدا بکرێت چونکە ھاوبەشی ئیسرائیلن لە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ بەرامبەر خەڵکی غەززە.
باسی لەوەشکرد، بڕیاری سەپاندنی سزا بەسەر ژمارەیەک ھاووڵاتی وڵاتەکەی لەلایەن حکومەتی ئەو سێ وڵاتەوە بەتۆمەتی "پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ" سەرکۆنە دەکات، تارانیش بڕیاریداوە مامەڵەی ھاوشێوە لەگەڵ ئەو وڵاتانە ئەنجام بدات.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتیشی، ئەو سێ وڵاتە نابێت بۆچوون لەسەر رەوشی مافەکانی مرۆڤ لە وڵاتانی تر بدەن، چونکە خۆیان بوونەتە ھاوبەشی تاوانی کوشتنی ژن و منداڵانی غەززە و کوژرانی دڕندانەی دەیان ھەزار کەسی تر.