خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی بە نێرگز محەمەدی ژنە چالاکوانی زیندانیکراوی ئێرانی بەخشرا
کوردسات نیوز
١٠ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣
خەڵاتەکە لەلایەن عەلی کوڕی نێرگز محەمەدی و کیانای خوشکی وەرگیرا، ھاوکات نێرگز محەمەدی لە زیندانەوە نامەیەکی نوسیبوو و عەلی کوڕی خوێندییەوە و تیایدا دەڵێت، وەک ئێرانییەک شانازی دەکات کە بەشێکە لە شارستانیەتی دەوڵەمەندی ئێرانی، بەڵام ئەمڕۆ بووەتە قوربانی چەوساندنەوەی "دەسەڵاتێکی ئایینی ستەمکار و دژی ژن."
ھاوکات نێرگز محەمەدی ھاوکات لەگەڵ رۆژی جیھانیی مافەکانی مرۆڤ، وەک ناڕەزایەتیی دەربڕین بەرامبەر پێشێلکارییە گەورە و بەربڵاوەکانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، مانی لە خواردن گرتووە.
نێرگز محەمەدی چالاکوانێکی دیاری ئێرانە و تەمەنی ٥١ ساڵە و چەند ساڵێکە بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە دژی حکومەتی ئێران دەستگیرکراوە، ئەمساڵیش وەک براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی دیاریکرا.