بەھۆی ھێرشەکانی ئیسرائیل ٧٠٪ی تۆڕەکانی دابەشکردنی کارەبا لە غەززە لەناوچوون
٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣
دامەزراوەی دەسەڵاتی وزەی فەڵەستینی لە کەرتی غەززە رایگەیاندووە، دانیشتووانی کەرتی غەززە جگە لەوەی بەھۆی ھێرش و بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە خۆراک و ئاویان دەستناکەوێت و سەرجەم پێداویستییەکان و بژێوی رۆژانەشیان لەدەستداوە.
راشیگەیاند، لە غەززە گرفتی نەبوونی سوتەمەنی ھەیەو خەڵکی لە رەوشێکی زۆر خراپدان بەتایبەتیش بەھۆی ئەوەی کە سوپای ئیسرائیلیش رێگە نادات ھیچ جۆرە سوتەمەنییەک بگاتە زیانلێکەوتووان و لێقەوماوانی غەززە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ھەر بەھۆی ھێرش و بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە لەسەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە تائێستا، زیاتر لە ٧٠٪ی سەرجەم تۆڕەکانی دابەشکردن و گواستنەوەی کارەبا لەکەرتی غەززە وێران بوون و بە تەواوی لەناوچوون، زیانەکەشی دەگاتە ٨٠ ملیۆن دۆلار.