وەفدێكی باڵای یەكێتی بە سەرۆكایەتی سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی، بەشداریی لە كۆنگرەی هاوپەیمانیی دیموكراتی كۆمەڵایەتی لە جیهانی عەرەبیدا كرد، كە لەعەممانی پایتەختی ئوردن بەڕێوەدەچێت، سەعدی ئەحمەد پیرە لە وتارێكدا رایگەیاند: ناوچەكەمان بە بارودۆخێكی هەستیار و ئاڵۆزدا تێپەڕ دەبێت كە تێیدا ململانێكان باجی قورس بە گەلان دەدەن، تیرۆر هیچ نیشتمانێكی نییە و هێزە تاریكپەرستەكان هەموو كۆمەڵگە سەقامگیرەكان دەكەنە ئامانج.
وتیشی: ئێمە لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەسەر رێباز و بەرنامەی خۆمان بەردەوام دەبین لەپێناو بنیاتنانی كۆمەڵگەیەكی دیموكراسی لەسەر بنەمای دادپەروەریی كۆمەڵایەتی، یەكسانی و ئازادییەكان و هەمیشە پشتیوانیی چارەسەری عەقڵانی دەكەین بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەكان و دابینكردنی ژیانێكی شایستە و سەربەرز بۆ هاووڵاتییان.
دەقی وتارەكەی سەعدی ئەحمەد پیرە:
هەڤاڵانی خۆشەویست
بەڕێزان ئامادەبووان
بە ناوی هەڤاڵانم لە سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و سەرۆك بافل جەلال تاڵەبانی-یەوە سوپاس و پێزانینی بێپایانتان ئاڕاستە دەكەم بۆ بانگهێشتكردنمان لەگەڵ هەڤاڵانمان لە سەركردایەتی حزبی دیموكراتی كۆمەڵایەتی ئوردنی برا بۆ ئەم كۆنگرەیە، بەپێزانینەوە لە تەماشاكردنی بەڕێزیان دەڕوانین بۆ ئامادەبوونمان لەم كۆنگرە سیاسییە گرنگەدا، كە لە سایەی بارودۆخێكی زۆر هەستیار و ئاڵۆزدا بەستراوە كە ناوچەكەمان و جیهان پێیدا تێپەڕ دەبێت.
هیوادارین ئەم كۆنگرەیە بە بڕیار و ڕاسپاردەیەك كۆتایی بێت كە خزمەت بە كاروانی حزبەكانمان و وڵاتەكانمان بكات، بە جۆرێك كە داهاتوویەكی باشتر بۆ گەلانی ناوچەكە بە گشتی دەستەبەر بكات.
هەڤاڵانی خۆشەویست
شاراوە نییە لەلاتان كە ناوچەكە لەم قۆناغەدا لەژێر كاریگەریی پێشهاتە هەرێمی و جیهانییە زۆر ئاڵۆزەكاندا دەژیی، كە تێیدا ململانێ و شەڕ هەڵدەگیرسێت كە گەلانی ناوچەكە هیچ بەرژەوەندییەكیان تێیدا نییە، بەڵام بەداخەوە، هەر ئەوانن كە ناچار دەكرێن باجی قورسی ئەم ململانێیانە بدەن. ئەم ململانێیانە بوونەتە هۆی دروستبوونی بارودۆخێك لەنا سەقامگیریی سیاسی و ئابووری و كەمبوونەوەی دەرفەتەكانی گەشەپێدان و وەبەرهێنان لە وڵاتەكانماندا، كە ئەمەش كاریگەریی نەرێنی لەسەر ژیانی دیموكراتی و كۆمەڵایەتی گەلەكان دەكات و مەترسی لەسەر داهاتوویان دروست دەكات. لەبەر ئەوە، بەستنی ئەم كۆنگرەیە لە سایەی بارودۆخێكی ئاڵۆزی وەهادا گرنگییەكی زۆر وەردەگرێت لە داڕشتنی سیاسەتەكانی داهاتووماندا، بە جۆرێك كە ئومێد بۆ بنیاتنانی داهاتوویەكی باشتر بۆ گەلەكانمان بگەڕێنێتەوە.
لەبیرمان ناچێت، لە كاتێكدا لێرە كۆبووینەتەوە بۆ تاوتوێكردنی ئاسۆی داهاتوو، كە ڕێز لە ڕۆڵی شانشینی ئوردنی هاشمی بگرین لە هەوڵە بەردەوامەكانیدا بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكە، لە ڕێگەی هەڵوێستە نەگۆڕەكانی لە مامەڵەكردن لەگەڵ پرسە عەرەبی و نێودەوڵەتییەكاندا و گرتنەبەری وتارێكی سیاسیی هاوسەنگ و بنیاتنەر لە سایەی سەركردایەتیی پاشا بەرامبەر بە پێشهاتە جیاوازەكانی ناوچەكە بەخۆیەوە دەیانبینێت.
لێرەدا دەبێت ئاماژە بەو رۆڵە ئیجابییە بكەین كە شانشینەكە دەیگێڕێت لە پاراستنی ناسنامەی عەرەبیی شوێنە پیرۆزە ئیسلامی و مەسیحییەكان و هەوڵە بەردەوامەكان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی دادپەروەرانە بۆ ململانێی عەرەبی-ئیسرائیلی، بە جۆرێك كە داهاتوویەكی باشتر بۆ گەلانی عەرەب دەستەبەر بكات، و پەڕە خوێناوییەكانی مێژوو دابخات كە بۆ زیاتر لە هەشت دەیە بەردەوامە.
برا خۆشەویستەكان
لەو كاتەی كە بە توندی سەركۆنە و ئیدانەی كردەوە تیرۆریستییەكەی دوایی دەكەین كە یەكێك لە كەنیسە مەسیحییەكانی لە ئوردنی برا كردە ئامانج، كە مەبەست لێی زڕاندنی ناوبانگی شانشینی ئوردن و تێكدانی سەقامگیریی سیاسی و كۆمەڵایەتیی بوو، دەمانەوێت بۆتانی بسەلمێنین كە ئەم جۆرە كردەوە تیرۆریستییانە، كە لەلایەن هێزە تاریك پەرستەكانەوە ئەنجام دەدرێن، تەنها دەوڵەتێكی دیاریكراو لە ناوچەكەدا ناكەنە ئامانج، بەڵكو سەقامگیرەكانی ناوچەكە دەكەنە ئامانج.
ئێمە لە عیراق و كوردستان بۆ ساڵانێكی درێژ بەدەست ئەم جۆرە كردەوە تیرۆریستییانەوە ناڵاندوومانە، باجی زۆر قورسمان داوە لە ڕووبەڕووبوونەوەماندا بەرامبەر ئەو هێزە تاریك پەرستانە و هێشتا مەترسییەكان بەردەوامن. دەوڵەتانی دیكەش تووشی گەلێك كردەوەی تیرۆریستی بوونەتەوە و ئەمەش ڕاستیی ئەم وتەیەمان بۆ دووپات دەكاتەوە: «تیرۆریست هیچ نیشتمانێكی نییە».
سەبارەت بە ئێمە پێویستە لەسەرمان بەردەوام بین لە بنیاتنانی كۆمەڵگەی ئارام و سەقامگیر، بەپێچەوانەی هەموو ئەم مەترسییە تیرۆریستییانە و دەست بگرین بە بەها و بنەماكانمانەوە كە بڕوامان پێیان هەبووە، لە پێشەنگیانەوە بەدیهێنانی دادپەروەریی كۆمەڵایەتی، دابینكردنی ئازادییە سیاسییەكان، و زامنكردنی یەكسانی نێوان ڕەگەزەكان، لەگەڵ هەوڵدان بۆ هاندانی بەشداریی گەنجان لە پڕۆسەی بنیاتنان و گەشەپێداندا.
هەموو ئەمانەش یارمەتیدەرمان دەبن بۆ تێڕوانین بەرەو ئاسۆكانی وەچەرخانی دیموكراتی بۆ گەلەكانمان و بنیاتنانی كۆمەڵگەیەك لەسەر بنەمای ئازادی و یەكسانی و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی. ئەم بنەمایانەش لە ناوەڕۆكی ئەركەكانماندان وەك هێز و حزبە سیاسییە پێشكەوتوخواز و دیموكراتەكان.
ئێمە لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هێشتا درێژە بە كاروانەكەمان دەدەین بەپێی بەرنامەی حزبەكەمان و بنەماكانی، لە پێناو بنیاتنانی كۆمەڵگە دیموكراتەكەمان كە لەسەر بنەماكانی دادپەروەریی كۆمەڵایەتی و یەكسانی و بەدیهێنانی ئازادییەكان دامەزراوە، بەپێچەوانەی ئەو مەترسییانەی ڕووبەڕوومان دەبنەوە و كار دەكەین، لە چوارچێوەی سیستەمی فیدراڵیی ئارەزوومەندانە كە دەستووری عیراق پەسندی كردووە، بۆ بەدیهێنانی ئەو بەها پێشكەوتووانە و شانبەشانی حزب و هێزە دیموكراتەكان لە سەرجەم وڵاتانی ناوچەكە و جیهاندا دەڕۆین، بۆ بەدیهێنانی ئەم بنەما و ئامانجانەی كە بڕوامان پێیان هەیە، بۆ خزمەتكردنی گەلی كوردستانمان و گەلی عیراق بە گشتی.
بۆیە، ئێمە پێویستییەكی زۆر و بەردەواممان بە پشتیوانیی حزبە دیموكراتەكان لە وڵاتانی برا و دۆست هەیە، بە جۆرێك كە ئاڕاستەكانمان بەرەو بەدیهێنانی ئەو ئامانجە باڵایانە بەهێز بكان. حزبی دیموكراتی كۆمەڵایەتیی ئوردنی بە یەكێك لە نزیكترین حزبەكان دەژمێردرێت لە ئێمەوە لە بواری هاوكاری بۆ بەدیهێنانی ئەم هەوڵە بەرزانە.
برا خۆشەویستەكان
بێگومان ئێوەش، وەك ئێمە، تێبینیتان كردووە ئەو پاشەكشەیەی كە حزبە دیموكراتەكان لە زۆرێك لە وڵاتانی جیهاندا بەخۆیانەوە بینیویانە و دەیبینن، بەتایبەتی وڵاتانی ئەوروپی، لە بەرامبەر هەڵكشانی حزبە ڕاستڕەوە تووندڕەوەكاندا. بۆ نموونە، پێشكەوتنێكی بەرچاو لە لایەن حزب و هێزە ڕاستڕەوە تووندڕەوەكانەوە هەیە لەسەر حسابی حزبە دیموكرات و سۆسیالیستەكان لە ئەڵمانیا، لەوانەش هەڵكشانی حزبی جێگرەوە لە پێناو ئەڵمانیا (AfD).
بەڵام سەرەڕای ئەوەی لە بەرامبەردا حزبە دیموكراتە سۆسیالیستەكان هەبوون كە سەركەوتوو بوون لە بەستنی هاوپەیمانییەتی سیاسی و پەرلەمانی بەتایبەتی لە هۆڵەندا كە شایەتی هاوپەیمانییەك بوو لە نێوان حزبی سۆسیالیست و كار و سەوزەكاندا، بەڵام هێشتا ترسی ڕاستەقینە دەمێنێتەوە لە هەڵكشانی حزبە ڕاستڕەوە تووندڕەوەكان لە وڵاتانی دیكەی ئەوروپیدا هاوكات لەگەڵ پەرەسەندنی وتارە سیاسییەكانی دژ بە كۆچبەری و پەنابەران.
بە سروشتی حاڵ چەندین هۆكار لە پشت ئەم هەڵكشانە نیگەرانكەرەی حزبەكانی ڕاستڕەوی تووندڕەوەوە وەستاون، كە ڕەنگە گرنگترینیان شكستی هەندێك لە حزبە دیموكرات و پێشكەوتووەكان بێت لە بەدیهێنانی ئامانجەكانیاندا، لە ئێنپامی پەیڕەوكردنی سیاسەتی پۆپۆلیستییەوە، كە ئەوەش بەشدار دەبێت لە هەڵكشانی حزبەكانی ڕاستڕەوی تووندڕەو.
ململانێی سیاسی، بە بڕوای ئێمە، لەسەر بنەمای «لەگەڵ یان دژ» دانانرێت، سیاسەتیش نەبەردی نێوان گەل و نوخبە سیاسی یان ئابوورییەكان نییە، تەنها لە ئاخاوتنی هەست و نەستی هاووڵاتییان و جووڵاندنی غەریزە سۆزدارییەكانیاندا كورت نابێتەوە، بەڵكو سیاسەتی دروست لەسەر پێشكەشكردنی چارەسەری عەقڵانی بۆ كێشەكانی هاووڵاتییان دادەمەزرێت، كە پشت بە ئایدۆلۆژیایەكی ڕاست و روئیایەكی ئابووری و كۆمەڵایەتیی تەواو دەبەستێت، كە تێڕوانینەكانی گەل بۆ بنیاتنانی كۆمەڵگەیەكی هاوسەنگ و سەقامگیر بێنێتە دی، كە تێیدا لە خۆشگوزەرانی و ئازادییە گشتی و تاكەكەسییەكان بەهرەمەند بن.
ئێمە لەم ناوچەیەدا خاوەنی سەروەت و سامانێكی زەبەلاح و توانای مرۆیی زۆرین، كە پێویستە لەسەر ڕژێم و دەسەڵاتە بەیەكەوەبووەكان وەبەرهێنانی تێدا بكەن بۆ بەدیهێنانی دادپەروەریی كۆمەڵایەتی و بنیاتنانی بنەماكانی دەوڵەتێكی تۆكمە، كە كاریگەر نەبێت بە ململانێ و شەڕەكان و بارودۆخی ناسمگیر بوونی نێودەوڵەتی و هەرێمی.
كێشە سەرەكییەكەی ئێمە لە نەبوونی روئیایەكی سیاسی و فكریدا كورت دەبێتەوە كە توانا بێت لەسەر هێنانەدی گۆڕانكاریی كۆمەڵایەتی، لەگەڵ نەبوونی توانای دەسەڵاتەكان لە قۆستنەوەی ئەم سەروەت و سامانانە و بەكارهێنانیان لە بنیاتنانی كۆمەڵگەدا. بۆیە ملیۆنان لە ڕۆڵەكانی نیشتمانمان پەنا دەبەنە بەر وڵاتانی ئەوروپی بە ڕاكردن لە نەبوونی دەرفەتی ژیانی ئازادی سەربەرزانە لە وڵاتەكانیاندا و نەبوونی دەرفەتی كار و ئازادییەكان، لە پێشەنگیانەوە نەبوونی دادپەروەری لە دابەشكردنی سەروەت و سامانەكاندا.
ئەم كێشانە بوون و هێشتاش بەردەوامن، كە ڕێگڕی دەكەن لە بنیاتنانی كۆمەڵگە عەرەبییەكان لەسەر بنەمای دادپەروەریی كۆمەڵایەتی. بۆیە، هیوادارین كۆنگرەكەمان بە روئیایەكی فكریی هەمەلایەنە دەربچێت كە ڕێگا خۆشكەرەكانی ئاڕاستەبوون بەرەو چارەسەری ئەم ئاڵۆزییانە دیاری بكات و گەڕان بە دوای چارەسەری ڕاستەقینە بۆ ئەم ئاڵنگارییە جیاوازانە، بە جۆرێك كە دەستەبەری دەرفەتی ژیانی ئازاد و سەربەرزانە بۆ گەلەكانمان بكات، سنوورێك بۆ ئەم خوێنپێداچوونە مەخابنەی تواناكانی گەلەكانمان دابنێت و ئومێد بۆ داهاتوو بگەڕێنێتەوە و پێكەوەژیانی ئاشتییانە لە نێوان گەلەكانماندا بەهێز بكات و ژیانێكی باشتر و داهاتوویەكی گەش كۆمەڵایەتی كە تێیدا دادپەروەری كۆمەڵایەتی و یەكسانی و برایەتی لە نێوان هموواندا بێتە دی بۆیان زامن بكات، هەموو ئەمانەش لە بنەما و بەها سەرەكییەكانمانن.
لە كۆتاییدا، هیوای سەركەوتن و سەرفرازی بۆ هەڤاڵانمان لەم كۆبوونەوە سیاسییەدا دەخوازم لە داڕشتنی سیاسەتی دروستدا كە ئامانجەكانی ئەم كۆنگرەیە بێنێتە دی.
سەعدی ئەحمەد پیرە
ئەندامی مەكتەبی سیاسیی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان