سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەست شەڕ و پێکدادان لە سودان دەستیپێکردەوە
٢١ی نیسانی ٢٠٢٣
بەرەربەیانی ئەمڕۆ، لەسەر داوای ئەنتۆنیۆ گوتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ھێزەکانی پشتیوانی خێرا ئاگربەستێکیان بۆ ماوەی سێ رۆژ راگەیاند، بەڵام دوای کەمتر لە دوو سەعات ئەو ئاگربەستە شکێنراو سوپای سودان ھێرشەکانی لە چەند ناوچەک دەستپێکردەوە و تیایدا فڕۆکە و چەکی قورسیش بەکارھێندراوە، لەئێستاشدا شەڕی کۆڵان بە کۆڵان لەنێوان ھەردوولا بەردەوامە.
ھاوکات عەبدولفەتاح بورھان سەرۆکی ئەنجومەنی سەروەری سودان، پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەم قۆناغە پڕ نەھامەتیە تێدەپەڕێنن و کاردەکەن بۆ گواستنەوەی حوکمی سەربازی بۆ حوکمی مەدەنی.
لەلایەکی ترەوە، رێکخراوی تەندروستی جیھانیش رایگەیاند، لەسەرەتایی شەڕ و پێکدانەکانەوە لە سودان تائێستا ٤١٣ کەس کوژراون و سێ ھەزار و ٥٥١ کەسیش برینداربوون، ھەروەھا وەزارەتی تەندروستی سودانیش ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، لە کۆی ١٣٣ نەخۆشانە، تەنیا ٢٥ نەخۆشخانە خزمەتگوزاری تێدایە.