داگای باڵای بەریتانیا لە نوسراوێکدا بڵاویکردەوە، پلانی حکومەت بۆ رەوانەکردنی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ رواندا ھیچ کێشەیەکی یاسایی تێدا نییە، تەنھا پێویستی بە پێداچوونەوەی زیاتر ھەیە لە ھەندێک حاڵەتی تاکە کەسیدا. 

بەڵام میدیاکانی بەریتانیا رایانگەیاند، پشتیوانی دادگا لەو بڕیارە بە مانای دەستپێکردنەوەی گەشتەکان بۆ رەوانەکردنی کۆچبەران نایەت. 

حکومەتی بەریتانیا لە مانگی نیسانی ئەمساڵ گرێبەستێکی بە بەھای ١٢٠ ملیۆن جونیەی ئستەرلینی لەگەڵ رواندا ئیمزاکرد، کە بەپێی ئەو گرێبەستە بەریتانیا کۆچبەرانی نایاسایی دەنێرێتە رواندا و لەوێ ھەلڕَسەنگاندن بۆ کەیسەکانیان دەکرێت. 

لە مانگی حوزەیرانی رابردووشدا کە بڕیاربوو یەکەم کاروانی کۆچبەران لە بەریتانیاوە بنێرێنە رواندا، بەڵام لە کۆتا ساتدا دواخرا، ئەوەش دوای ئەوەی دادگای ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ دەستوەردانی لە بابەتەکە کرد و کاردانەوەی بە دوای خۆیدا ھێنا.

بەپێی ئامارە رەسمییەکانیش، ئەمساڵ نزیکەی ٤٠ ھەزار کۆچبەر خۆیان گەیاندووەتە خاکی بەریتانیا.