توێژینەوەیەکی نوێی پزیشکی دەریخستووە کە پەیڕەوکردنی سیستەمێکی خۆراکیی دوور لە گۆشت، کاریگەریی پاراستنی جەستەی دەبێت دژی چەندین جۆری نەخۆشیی شێرپەنجە.
گۆڤاری "American Journal of Clinical Nutrition" بڵاویکردەوە، توێژینەوەکە لەسەر نزیکەی 80 هەزار کەس لە کەنەدا و ئەمریکا ئەنجامدراوە، کە لە سەرەتای توێژینەوەکەدا هیچ کامێکیان تووشبووی شێرپەنجە نەبوون. زانایان بۆ ماوەی 15 ساڵ چاودێریی سیستمی خۆراکی و دۆخی تەندروستییان کردوون.
دوای بەراوردکردنی داتاکان دەرکەوت، ئەو کەسانەی پشتیان بە سیستمی خۆراکیی روەکی بەستووە، مەترسیی تووشبوونیان بە هەموو جۆرەکانی شێرپەنجە بە ڕێژەی %12کەمیکردووە، هەروەها بۆ ئەو گرێیانەی کە "کەمتر دووبارە دەبنەوە" رێژەکە %18بووە.
جیاوازییەکە بەتایبەتی لە هەندێک جۆری شێرپەنجەدا بەرچاو بووە؛ مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی قۆڵۆن و ریخۆڵە ئەستوورە لەناو روەکخۆرەکاندا بە ڕێژەی %21، شێرپەنجەی گەدە بە رێژەی %45، و نەخۆشییە لیمفاوییەکان (lymphoproliferative diseases) بە ڕێژەی%25 دابەزیوە. هەروەها، کەمبوونەوە لە ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک و پڕۆستاتیشدا بەدیکراوە.
سەرپەرشتیارانی توێژینەوەکە ئاماژەیان بەوەدا کە سیستمی خۆراکیی روەکی دەوڵەمەندە بە ریشاڵ، دژەئۆکسان و ماددە کیمیاییە روەکییەکان کە دەتوانن هەوکردن کەمبکەنەوە و کرداری مێتابۆلیزم لە لەشدا باشتر بکەن. لەگەڵ ئەوەشدا، هۆشدارییان دا کە ئەم ئامارە دڵخۆشکەرانە مانای پارێزگاریی تەواوەتی نییە لە شێرپەنجە، و پێویستی بە توێژینەوەی زیاتر هەیە بۆ زانینی میکانیزمی کاریگەریی سیستمی خۆراکی لەسەر کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە گرێ شێرپەنجەییەکان.