هاتوچۆی راپەڕین: لەمەودوا دەست بەسەر هەموو ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکاندا دەگیرێت
محەمەد رزگار
٢٢ی نیسانی ٢٠٢٦
بە ئامانجی پاراستنی سەلامەتی هاووڵاتیان و چەسپاندنی یاسا، رێکاری نوێ دژ بە ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا و سەرپێچییەکان پەیڕەو دەکرێت.
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی راپەڕین رایگەیاند، ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و بڕاوە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی، بۆیە مەفرەزەکانیان راسپێردراون دەست بەسەر ئەو جۆرە ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلانەدا بگرن و هیچ جۆرە سازشێک لەم بڕیارەدا ناکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، لێخوڕینی بێ مۆڵەت و بێزارکردنی هاووڵاتیان بە دەنگی نائاسایی و سەرکێشی، وەک بەزاندنی سنوری ئازادیی گشتی هەژمار کراوە، ئەوەشی خستەڕوو، سەلامەتیی گشتی هێڵی سورە و هەر کەسێک بیبەزێنێت، رووبەڕووی سزای قورسی یاسایی و بێ گەڕانەوە دەبێتەوە.
هاتوچۆی راپەڕین ئاشکراشیکرد، پلانێکی تۆکمە لەگەڵ لایەنە ئەمنییەکان داڕێژراوە بۆ کۆنترۆڵکردنی زیاتری سنورەکان و ناو شارەکان، تا ئەو ئاستەی "یاسا ببێتە تاکە دادوەر لەسەر شەقام."
هاتوچۆی ڕاپەڕین جەخت دەکاتەوە، ئەفسەر و کارمەندانیان لە پێناو پاراستنی گیانی هاووڵاتیان لە ئەرکدا دەبن و داوا لە هەمووان دەکەن پابەندی یاساکان بن بۆ پاراستنی بەرژەوەندی گشتی و دوورکەوتنەوە لە زیانەکان.


