دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، ئەمڕۆ و سبەینێ سەركردەكانی ئەوروپا بەمەبەستی گفتوگۆی كۆتاییهێنان بە جەنگی روسیا و ئۆكراین سەردانی ئەمریكا دەكەن.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە و سبەینێ سێشەممە، سەركردەكانی ئەوروپا دێنە ئەمریكا بەمەبەستی گفتگۆی كۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان روسیا و ئۆكراین، وتیشی، بەمزووانە قسە لەگەڵ ڤلادیمێر پوتنی سەرۆكی روسیا دەكات تایبەت بەو پرسە.
سەرۆكی ئەمریكا خەمباری خۆی لەبارەی ئەو هێرشە ئاسمانییە توندەی دوێنێ روسیا بۆسەر ئۆكراین ئەنجامی دا دەربڕی و رایگەیاند، دڵخۆش نیم بەو دۆخە و بەو شتانەی لەوێ روودەدەن.
ئەوەش لەكاتێكدایە، دوێنێ یەكشەممە، روسیا هێرشێكی ئاسمانی توندی بۆسەر ئۆكراین ئەنجامدا كە بە گەورەترین هێرشی روسیا دادەنرێت لەماوەی دەستپێكردنی جەنگەوە تاوەكو ئێستا و تیایدا 800 فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و موشەكی بەكارهێنا.
لەلایەكی دیكەوە ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكراین رایگەیاند، پوتن ئەوە بە سەركەوتن دەزانێت كە سەرجەم خاكی ئۆكراین داگیربكات، ئەگەر ئەوەی بەدیهێنا ئەوا سەركەوتن بۆ ئەوە، بەڵام تاوەكو ئەوە بەدی نەهێنێت، سەركەوتن بۆ ئۆكراینە.