بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی پەیمانگای ئاماری تورکیا، رێژەی منداڵان تەنها %24.8ی کۆی گشتی دانیشتوانی ئەو وڵاتە پێکدەهێنن، ئەمەش دابەزینێکی بەرچاوە بەراورد بە ساڵی رابردوو کە %25.5 بووە، کە ئەمەش بەردەوامیی رەوتی دابەزینی گەشەی دانیشتوان پشتڕاست دەکاتەوە.
لە کۆتایی ساڵی 2025 دا، ژمارەی دانیشتوانی تورکیا گەیشتووەتە نزیکەی 86.1 ملیۆن کەس، کە لەو ژمارەیە 21.3 ملیۆنیان منداڵ و مێرمنداڵن (تەمەن خوار 17 ساڵ).
ئەم گۆڕانکارییە دیمۆگرافییە کاتێک دەردەکەوێت کە بەراورد بکرێت بە ساڵی 1970، کاتێک منداڵان %48.5ی کۆمەڵگەیان پێکدەهێنا، پاشان لە نەوەدەکاندا بۆ %41.8 دابەزی.
پێشبینییەکان بۆ داهاتوو
پێشبینییەکان ئاماژە بەوە دەکەن ئەگەر ئەم رەوتە بەردەوام بێت، رێژەی منداڵان تا ساڵی 2100 بۆ %14.5 دادەبەزێت، بەڵام لە باشترین سیناریۆدا، ئەگەر سیاسەتەکانی هاندانی منداڵبوون سەرکەوتوو بن، رێژەکە لە کۆتایی سەدەدا لە دەوروبەری %18.6 جێگیر دەبێت.
هەژاری و خوێندن
سەرەڕای کەمبوونەوەی رێژەیان، منداڵان لە تورکیا رووبەڕووی گوشاری ئابووری دەبنەوە؛ ئامارەکان دەری دەخەن کە %36.8ی منداڵان لەژێر مەترسیی هەژاری یان پەراوێزخستنی کۆمەڵایەتیدان، کە ئەمەش زۆر زیاترە لە تێکڕای گشتی هەژاری لە وڵاتدا کە %27.9ـە.
بەراوردکاری لەگەڵ ئەوروپا
تورکیا هێشتا خاوەنی کۆمەڵگەیەکی گەنجترە بەراورد بە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، رێژەی منداڵانی تورکیا (%24.8) لە پێش ئیرلەندا دێت کە بە %22.7 لە پلەی یەکەمی یەکێتییەکەدایە، لە کاتێکدا ماڵتا و ئیتاڵیا بە نزیکەی %14 لە کۆتایی لیستەکەدان.
کەمبوونەوەی هاوسەرگیریی پێشوەختە
وەک وەرچەرخانێکی ئەرێنی کۆمەڵایەتی، ئامارەکان دابەزینێکی توندیان لە هاوسەرگیریی کچانی تەمەن ١٦-١٧ ساڵ تۆمار کردووە؛ رێژەکە لە %7.3 لە ساڵی 2002 وە بۆ تەنها %1.5 لە ساڵی 2025 دابەزیوە، ئەمەش نیشانەی بەرزبوونەوەی هۆشیاری و گۆڕانی یاسا و بنەما کۆمەڵایەتییەکانە.