وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران: دەستوەرنادەینە رەوشی عێراق
کوردسات نیوز
١٥ی ئابی ٢٠٢٢
"کەنانی" لە کۆنفرانسی ھەفتانەیدا رایگەیاند، دۆسیەی عێراق بۆ ئێران گرنگە و لە نزیکەوە چاودێری پێشھاتە سیاسییەکان دەکەن، بەڵام نایانەوێت دەستوەردان بکەن.
وتیشی، لە پەیوەندی بەردەوامدان لەگەڵ لێپرسراوانی عێراق و داواشی کرد بە زووترین کات حکومەت پێکبھێنن و چەقبەستوویی سیاسی کۆتاییبێت.
سەبارەت بە دانوستانە ئەتۆمییەکانیش "کەنانی" وتی، لە قۆناغێکی پێشکەوتووی دانوستانەکاندان و گەیشتن بە رێککەوتنیش پەیوەندی بە جێبەجێکردنی داواکارییەکانی ئێرانەوە ھەیە.
"کەنانی" وتیشی، لە چاوەڕوانی ھەڵگرتنی سزاکاندان و پێیانوایە زەمینەسازی ھەیە بۆ گەیشتن بەرێککەوتن بەڵام، بەو مەرجەی رێز لە ھێڵە سورەکانی ئێران بگیرێت.



