بەپێی ئاژانسی نێودەوڵەتی  وزە، ھەناردەی غازی سروشتی روسیا بۆ یەکێتی ئەوروپا و بەریتانیا بەبڕی ١.٢ ملیار پێ سێجا لە مانگی تەمووزی رابردوو دابەزیوە، کە نزمترین ئاستە لە ماوەی ٤٠ ساڵی رابردوودا. 

روسیا غازی سروشتی لە ڕێی سێ ھێڵی بۆرییەوە ھەناردەی یەکێتی ئەوروپا و بەریتانیا دەکات، ھێڵی نۆرد ستریم ١ یەکێکە لەو بۆرییانەی بە دەریای بەڵتیق تێدەپەڕێت بەرەو ئەڵمانیا و ھۆڵەندا و فەرەنسا و بەریتانیا و وڵاتانی تری ئەوروپا، دوو ھێڵەکەی دیکەش بە بیلاروسیا تێدەپەڕن بەرەو پۆڵەندا و ئەڵمانیا.

دابەزینی ھەناردەی غازی سروشتی روسیا لە ڕێی بۆرییەوە بۆ ساڵی ٢٠٢٠ دەگەڕێتەوە، کە ھۆکارەکەشی بۆ کەمبوونەوەی خواست و بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە ئەوروپا دەگەڕێتەوە. 
بەھۆی جەنگی ئۆکراینیشەوە، یەکێتی ئەوروپا لە مانگی حوزەیرانەوە قەدەغەی خستووەتە سەر نەوتی روسیا و پێشبینیدەکەن ھەناردەی نەوتی روسیا لەرێی کەشتییەوە لە ماوەی شەش مانگدا بوەستێت.