مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەی نەوەی نوێ راگەیەنراوێکی هاوبەشیان لەبارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆیان بڵاوکردەوە و هەردوولا ئامادەییان نیشاندا بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لەسەر بنەمای ئیستحقاقی هەڵبژاردن.

مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە راگەیەنراوێکدا بڵاویان کردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی، کۆبوونەوەی لوتکەی ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەی نەوەی نوێ و مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەڕێوەچوو.

ئاماژەیان بەوەشکرد، لە کۆبوونەوەکەدا رەوشی هەرێمی کوردستان و پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا، لەو بارەیەوە هەردوو لایەن ئامادەییان دەربڕی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای ئیستحقاقی هەڵبژاردن، کە حکومەتێکی هاوسەنگ و پەسەندکراو بێت لەلایەن خەڵکی هەرێمی کوردستان، عیراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە، هەروەها حکومەتێک بێت کە چارەسەری بنەڕەتی بۆ کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عیراق پێبێت.

لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەشیان خستووەتەڕوو، هەموو لایەک ئاگادار دەکەنەوە، کە پێکنەهێنانی حکومەت پەیوەستە بە ژیان و گوزەران و داهاتووی هەرێمی کوردستانەوە، بۆیە هەر لایەنێک ببێتە هۆکاری بەربەستی پێکنەهێنانی حکومەت، ئەوا بەرپرس دەبێت بەرانبەر بە خەڵکی هەرێمی کوردستان ، و هەر شتێک کە لە داهاتوودا رودەدات.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا هەردولا جەختیان کردووەتەوە، بۆ کۆتاییهێنان بەم رەوشە نەخوازراوەی ئێستا و بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی کوردستان هەموو رێگەیەکی چارەسەر دەگرنەبەر .

لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا یەکێتی و نەوەی نوێ ئاماژەیان بەوەکردووە، وەک هەمیشە دەرگای گفتوگۆی ئەم هاوپەیمانێتییەیان کراوەیە بەڕووی هەموو لایەک، ئەویش لەسەر بنەمای ئەو واقیعە نوێیەی لە هەرێمی کوردستان هاتووەتە ئاراوە.