حسین ئەمیر عەبدوڵاھیان وەزیری دەرەوەی ئێران و فەیسەڵ میقداد وەزیری دەرەوەی سوریا دوای کۆبوونەوەیان لە تاران کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییان ئەنجامدا و وەزیری دەرەوەی ئێران، نیگەرانی وڵاتەکەی دەربڕی لە ئەگەری ھێرشی تورکیا بۆ سەر باکوری سوریا و داوای لە ئەنقەرە کرد ھێرشەکە ئەنجامنەدات و بە دیالۆگ کێشەکان چارەسەر بکات.

وتیشی، ئەمریکا بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری کردۆتە پاساو بۆ مانەوەی لە رۆژھەڵاتی سوریا و پێویستە بەزووترین کات و بەبێ مەرج خاکی ئەو وڵاتە جێبھێڵێت.

وەزیری دەرەوەی سوریاش ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ ھەر دەستوەردانێکی سەربازی تورکیا راگەیاند و ئامادەیی سوپا و گەلی سوریای پیشاندا بۆ بەرگریکردن لە سەروەری و سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاکەکەیان.

 دووپاتیشیکردەوە، دژی ھەر جۆرە بەزاندنێکی خاکی وڵاتەکەیانە بۆ دروستکردنی ناوچەی ئارام و کەمپی نیشتەجێبوون و بە تورککردنی ناوچەکە رەتدەکەنەوە.

وتیشی، ئەوەی لە خۆرھەڵاتی سوریا روودەدات پێچەوانەی ئیرادەی گەلەکەیانە و ئەمریکا دەستیگرتووە بەسەر سامانی سوریادا و گەلەکەشیان لە نەھامەتیدایە.

وەزیری دەرەوەی سوریا بە پێویستیشی زانی ھیچ پاساوێک نەدرێتە تورکیا بۆ ھێرشکردنە سەر وڵاتەکەیان. ھەروەک پێشوازی لە راگەیەنراوی ھاوبەشی لوتکەی روسیا و تورکیا و ئێران کردوو ھیوای خواست کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکرێن.