پۆلیسی ئەمریکا بڵاویکردەوە، لە یەکێک لە مۆڵەکانی ویلایەتی ئیندیانا لە گرینوود کەسێک دەستڕێژی گولەی کردووە بەنێو ھاوڵاتییاندا و بەو ھۆیەوە چوار کەس کوژراون و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.

مارک مایرێس، سەرۆکی شارەوانی گرینوودی ویلایەتی ئیندیانا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، ھێرشکارەکە لەلایەن کەسێکی ئاسایی تەقەی لێکراوە و لە شوێنی روداوەکە گیانی لەدەست داوە.

پۆلیسی گرینوود پۆستێکی لە پەیجی تایبەتی خۆیان لە فەیسبووک بڵاوکردووەتەوە و داوای کردووە شایەتحاڵەکانی تەقەکردنەکە پەیوەندیان پێوە بکەن بۆ وەرگرتنی زانیاری.

ئەمە تەنھا چەند ھەفتەیەک دوای روداوێکی دیکەی تەقەکردن دێت کە لە رۆژی ٤ی تەمموز کەسێک دەسترێژی گولەی کرد لە شیکاگۆ و بووە ھۆی کوژرانی حەوت کەس و برینداربوونی لانیکەم سی کەس.

بەپێی ئامارێکی دامەزراوەی "ئەرشیفی توندوتیژی بە چەک" ساڵانە لە ئەمریکا نزیکەی ٤٠ ھەزار کەس بەھۆی ھێرشی چەک گیان لەدەست دەدەن.