فادیم سکیبیستسکی وتەبێژی ھەواڵگری سەربازی ئۆکراین رایگەیاندووە، روسیا ئامادەکاریی دەکات بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی تری ھێرشەکانی لە ئۆکراین و لە ئێستادا ھێرشەکانی تەنھا موشەکیی نین لە وشکانی و دەریایشە ، ھێرشەکانیشی لە تەواوی ھێڵەکانی ڕوبەروبونەوە زیادکراون.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە ، کە مۆسکۆ لە ھێرشەکاندا ئەو چەکانە بەکاردەھێنێت کە زۆر بە وردی ئامانجەکان دەپێکن ، ھاوکات سێرگی شوەیگۆ وەزیری بەرگری ڕوسیا فەرمانی بۆ چڕکردنەوەی ھێرشەکان لە ئۆکراین دەرکردوە و بەھۆی ھێرشەکانەوە ڕۆژی شەممە ١٧ مەدەنی کوژراون .

لەلایەکی تریشەوە وڵاتانی گروپی ٢٠ ، لە کۆتایی کۆبونەوەکانیاندا کە ڕۆژانی ھەینی و شەممە لە ھەرێمی بالی لە ئیندۆنیزیا بەڕێوەچوون ، ئیدانەی داگیرکارییەکانی ڕوسیایان بۆ سەر ئۆکراین کردوە ، ئەگەرچی بەھۆی ھەندێک ناکۆکی نێو ئەندامانی گروپەکەوە ڕاگەیەندراوی کۆتایی کۆبونەوەکان بڵاونەکراوەتەوە ، بەڵام سەرۆکایەتی ئیندۆنیزیا لە ڕاگەیەندراوێکدا دوپاتیکردووەتەوە کە زۆرینەی ئەندامانی گروپەکە ڕێککەوتون لەسەر گرنگی چارەسەرکردنی قەیرانی ئابوری جیھانی کە بەھۆی جەنگی ڕوسیاوە دروستبوە و داوایان کردووە جەنگەکە کۆتایی پێبێت.