سەرۆکی ئەمریکا رۆژی ١٣ی ئەم مانگە گەیشتە فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن لە تەلئەبیبی پایتەختی ئیسرائیل و لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەر و سەرۆکی ئیسرائیل کۆبووەوە و پەیماننامەیەکی ئەمنییان ئیمزا کرد بۆ روبەڕوبوونەوەی پڕۆگرامی ئەتۆمی ئێران، پاشان لە بەیت لەحم لە کەرتی خۆرئاوا، لەگەڵ مەحموود عەباس سەرۆکی دەسەڵاتدارێتیی فەڵەستین کۆبووەوە.

بایدن لە رۆژی ١٥ی مانگ سەردانی سعودیەی کرد و لەگەڵ مەلیک سەلمان و محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە کۆبووە و رۆژی شەممەش بەشداری لووتکەی جەددەی بۆ ئاسایش و پەرەپێدان کرد، کە عێراقیش بەشداربوو تێیدا.

بایدن لە لووتکەی جەددە ڕایگەیاند، ئەمریکا خۆرھەڵاتی ناوەڕاست جێناھێڵێت و دەمێنێتەوە و بۆشایی بۆ چین و ڕوسیا و ئێران جێناھێڵێت، وتیشی، ڕێگە نادەن، ھیچ لایەنێک رێرەوە ئاوییەکانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەتی گەرووی ھورمز و بابلمەندەب بکات ئامانج.