لوتکەی ئەنجومەنی ھاریکاری وڵاتانی کەنداو لە سعودیە بەڕێوەچوو
کوردسات نیوز
١٦ی تەمووزی ٢٠٢٢
جگە لە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا، ھەریەک لە وڵاتانی عێراق و ئوردن و میسریش بەشداری لوتکەی ئەنجومەنی ھاریکاری وڵاتانی کەنداو بوون لە سعودیە.
محەمەد بن سەلمان جێنشینی سعودیە لە لوتکەی جەددە بۆ ئاسایش و وەبەرھێنان رایگەیاند، دوارۆژی وزە پێویستی بە تێڕوانینێکی باش و ورد ھەیە، داوا لە ئێران دەکەن ھاوکاری وڵاتانی ناوچەکە بێت و دەست لە کاروباری ناوخۆی وڵاتانی ناوچەکە وەرنەدات.
ھاوکات جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە وتارێکدا رایگەیاند، ناوچەکە بەجێناھێڵین و دەمێنینەوە، رێگە بەھیچ وڵاتێکیش نادەن ھەژموونی خۆی بەسەر وڵاتانی تردا بسەپێنێت.
ھەروەھا مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە وتارێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ھیوادارن ئەو لوتکەیە ببێتە مایەی پێشکەوتنی ناوچەکە.
وتیشی، عێراق ھەمیشە رۆڵی سەرەکی بینیووە لە بەگژداچوونەوەی تیرۆر، لەئێستاشدا رێگەیەکی دووریان لە پێشە بۆ بنەبڕکردنی تیرۆر، ھەروەھا ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ھەڵبژاردنەکانی عێراق ئاستەنگی گەورەیان رووبەڕوو بووەتەوە، بۆیە قەیرانەکان وا دەخوازن ھەمووان پێکەوە رووبەڕوویان ببنەوە.