سێرجیۆ ماتاریلا سەرۆکی ئیتاڵیا رایگەیاند، نامەی دەستلەکارکێشانەوەی ماریۆ دراگی سەرۆک وەزیرانی رەتکردۆتەوە و داوای لێکردووە و ھەفتەی داھاتوو لە پەرلەمان ئامادەبێت بۆ ھەڵسەنگاندنی رەوشەکە.

دەستلەکارکێشانەوەکەی دراگی دوای ئەوەھات، بزوتنەوەی پێنج ئەستێرە کە یەکێکە لە لایەنەکانی ناو ھاوپەیمانی دەسەڵاتدار، لە ئەنجومەنی پیران بایکۆتی دەنگدانی بە پرۆژەیەکی حکومەت کرد. کە تایبەتە بە تەرخانکردنی ٢٠ ملیار دۆلار بۆ ھاوکاری بەکاربەران و پیشەسازییەکان کە بەدەست بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنییەوە دەناڵێنن.

دراگی رایگەیاندوە، زۆرینەی یەکێتی نیشتمانی کە پارێزەری خۆراگری حکومەت بووە لە سەرەتای پێکھێنانییەوە بوونی نەماوە.

بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانیەکانیش، ئەگەر سەرۆک وەزیران نەتوانێت پشتیوانی بۆ پرۆژەکانی چاکسازی کۆبکاتەوە، ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەخت لە کۆتاییەکانی مانگی ئەیلول بەدوور نازانرێت.