وەفدی ڕووسیا و ئۆکراین لە بێلاروس کۆبوونەوە
کوردسات نیوز
١ی ئازاری ٢٠٢٢
دوای ٢٠ سەعات چاوەڕوانی وەفدی دانوستانکاری ڕووسیا و ئۆکراین بە نێوەندگیری بێلاروس کۆبوونەوە و دوای کۆبوونەوەکەش وەزیری دەرەوەی بێلاروس ڕایگەیاند، لە دوو ڕۆژی داھاتوودا خولێکی تری دانوستانەکان بەڕێوەدەچێت.
سەرۆکی وەفدی دانوستانکاری ئۆکراینیش ڕایگەیاند، لەگەڵ وەفدی ڕووسیا لەسەر چەند خاڵێک ڕێککەوتوون و بۆ ڕاوێژ دەگەڕێنەوە وڵاتەکانیان.
سەرۆکایەتی ڕووسیاش ڕایگەیاند، کۆبوونەوەی وەفدی ڕووسیا و ئۆکراین ٥ سەعاتی خایاندووە و لە داھاتووشدا خولێکی تری دانوستانەکان بەڕێوەدەچێت.
دەربارەی دانوستانەکانیش سەرۆکی ئۆکراین ڕایگەیاند، وەفدی وڵاتەکەی داوای کشانەوەی تەواوەتی سوپای ڕووسیای کردووە لە ناو خاکی ئۆکراین بە دوورگەری کریما و ھەرێمی دونباسیشەوە.
سەرۆکی ئۆکراین ڕاشیگەیاند، کیێڤ مەبەستیەتی لە کاتی گفتوگۆکاندا ھێرشەکانی ڕووسیا بۆسەر وڵاتەکەی ڕابگیرێت.