لە پێشهاتێکی سیاسی گرنگدا میدیاکانی ئیسرائیل ئاشکرایان کرد، کە سوریا و ئیسرائیل بە نیوەندگیری ئیمارات و بە ئامادەبوونی تورکیا، کۆبوونەوەیەکی نهێنییان ئەنجام داوە.
کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، کە لە چەند رۆژی رابردودا، کۆبونەوەیەکی نهێنی لە نێوان سوریا و ئیسرائیل لە وڵاتی ئازەربایجان بەڕێوەچووە، کە بە نیوەندگیری ئیمارات و بە بەشداری نوێنەرانی تورکیا ئەنجام دراوە.
بەپێی زانیارییە میدیاییەکان، تەوەری سەرەکی ئەم کۆبوونەوەیە تاوتوێکردنی ئەگەری ئەندامبوونی سوریا لە رێککەوتننامەی ئیبراهیمی بووە، کە پێشتر چەندین وڵاتی عەرەبی وەکو ئیمارات، بەحرەین، سودان و مەغریب واژۆیان کردووە.
کەناڵی سی ئێن ئێنیش لە سەرچاوەیەکی باڵای ئیسرائیلییەوە رایگەیاندوە کە ئیسرائیل و ئیدارەی نوێی سوریا لەم دواییەدا گفتوگۆی راستەوخۆیان ئەنجام داوە، کە بە وتەی سەرچاوەکە "پێشهاتێکی دەگمەنە" و ئاماژەیە بۆ گۆڕانکاری بنەڕەتی لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتە.
شایانی باسە، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی نوێی سوریا، هەفتەی رابردو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی فەرمی سوری ئاشکرای کردبوو کە حکومەتەکەی گفتوگۆی ناڕاستەوخۆی لەگەڵ ئیسرائیل ئەنجام داوە سەبارەت بە وەستاندنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی سوریا.
ئەم پەیوەندییانە دوای سەردانی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ بۆ ناوچەکە چڕتر بونەتەوە، بەتایبەت دوای کۆبونەوەی سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ ئەحمەد شەرع لە سعودیە لە ڕۆژی چوارشەممە.