وەزارەتی بەرگری ئۆکراین: چاوەڕواندەکرێت ئەمڕۆ سوپای روسیا بگاتە دەروازەکانی کیێڤ
کوردسات نیوز
٢٥ی شوباتی ٢٠٢٢
سوپای روسیا
سوپای روسیا لە چەند قۆڵێکەوە بەردەوامە لە پێشڕەویکردن بەرەو کیێڤی پایتەختی ئۆکراین و بە پێی دواین زانیارییەکان شەڕ لە گەڕەکەکانی باکور و باکوری خۆرھەڵاتی ئۆکراین دەستیپێکردوە.
وەزارەتی بەرگری ئۆکراین رایگەیاند، لە دەروازەکانی باکوری کیێڤ شەڕو پێکدادان لە نێوان ھێزەکانیان و سوپای روسیا دەستیپێکردووەو شەڕو پێکدادانی قورس لە چوارقۆڵەوە بەردەوامە.
ئاماژەی بەوەشدا، تانکەکانی روسیا بەرەو کیێڤ لە پێشڕەویدان و چاوەڕوان ئەمرۆ بگەنە ناوەندی شارەکە.
ھەروەھا ھێزەکانی پاسەوانی سنوری ئۆکراین ئاشکرایانکرد، بەھۆی ھێرشەکانی سوپای ڕوسیا و داگیرکردنی دورگەی مارەکان لەسەر دەریای ڕەش ١٣ سەربازیی ئۆکراین کوژراون.
وەزارەتی ناوخۆی ئۆکراین بڵاویکردەوە، فرۆکە جەنگییەکانی روسیا، ٣٣ شوێنی مەدەنییان بۆردومانکردووەو بەھۆیەوە ٢ منداڵ گیانیان لەدەستداوە.
وەزارەتی بەرگری روسیاش رایگەیاند، لە ھێرشەکاندا ١١٨ دامەزراوەی سەربازی ئۆکراینیان لە کارخستوە کە ١٣یان تایبەت بوون بە سەرکردایەتی و کۆنترۆڵکردن.
بەپیی دواین ئامارەکانیش، تا ئێستا لە شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان ھێزەکانی ئۆکراین و سوپای روسیا، زیاتر لە ١٦٠ مەدەنی لە ئۆکراین کوژراون و نزیکەی ٣٢٠ی دیکەش برینداربوون.