بەھۆی ئاشکراکردنی گەندەڵی بەڕێوەبەری رۆژنامەیەک لە تورکیا کوژرا
کوردسات نیوز
٢٠ی شوباتی ٢٠٢٢
تورکیا گەندەڵی رۆژنامەنوسان
میدیاکانی تورکیا ئاشکرایانکرد،"گۆنگور ئارسەلان" بەڕێوەبەری رۆژنامەی سیس کۆجالی لەلایەن چەکدارێکەوە لە نوسینگەکەی خۆی کوژراوە و لێپرسراوانی پارێزگای کۆجالیش دەستگیرکردنی بکوژەکەیان راگەیاندووە ، بەڵام ھیچ وردەکارییەکی تریان بڵاونەکردۆتەوە .
رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوریش ئاشکرایکردووە، ئەو رۆژنامەنوسە لێکۆلینەوەی لە دۆسیەکانی گەندەڵی کردووە لە پاریزگاکەیدا، ھەربۆیە پێشتریش ھێرشی کراوەتەسەر و روبەروی ئەشکەنجە بووەتەوە .
رێکخراوەکە داواشیکردوە بە زوترین کات لێکۆڵینەوەکان دەستپێبکەن و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بۆ رای گشتی ئاشکرا بکرێت ، سەندیکای رۆژنامەنوسانی تورکیاش ئیدانەی کوژرانی ئەو رۆژنامەنوسەی کردووە و داوای کردووە سنورێک بۆ بە ئامانجکردنی رۆژنامەنوسان لە تورکیا دابنرێت .