ڤلادیمێر پوتن داوای سەربازیی یەدەگی وڵاتەکەی کرد
کوردسات نیوز
١٩ی شوباتی ٢٠٢٢
لە مەرسومەکەدا ھاتووە، ئەوانەی ناویان لە لیستی سوپای یەدەگدا تۆمار کراوە بۆ ساڵی ٢٠٢٢ پابەندی ڕاھێنانی سەربازیی بن لە ڕیزی ھێزە چەکدارەکانی ڕووسیا و ئاژانسە ھەواڵگرییەکان و ئاژانسەکانی دیکەی خزمەتگوزاریی ئاسایشی فیدراڵی.
ئاماژە بەوەشکراوە، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و دەسەڵاتدارانی جێبەجێکردن ڕاسپێردراوە، بۆ بانگھێشتکردنی ھاوڵاتیان بۆ سەربازگەکانی ڕاھێنان.
ئەو برٍیارەی پوتن لە کاتێکدایە، ئاڵۆزییەکانی سنوری ئۆکراین لە ھەرێمی دونباس و دونیتسک پەرەی سەندووە و ترسی پێکدادانی قورس ھەیە.
لە لایەکی دیکەوە سەرۆکی ئەنجومەنی دۆما ڕایگەیاند، ڕووسیا جەنگی ناوێت، بەڵام ئامادەیە بەرگری لە ھاوڵاتییەکانی خۆی بکات لەو دوو ھەرێمە، کە تاک لایەنانە سەربەخۆیی خۆیان ڕاگەیاندووە.