باراک ئۆباما رایگەیاند، ئەم جەنگەی ئێران پێویست نەبوو، جگە لە گیانلەدەستدانی سەربازانی ئەمریکا، وڵاتەکەشی توشی کەمی موشەک کردوە و گەروی هورمزیشی خستوەتە ژێر دەسەڵاتی ئێرانەوە.
باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشوتری ئەمریکا، لەمیانی ئامادەبونی لە کۆبونەوەیەکی هەڵبژاردندا لە شارۆچکەی کلیڤلاندی ویلایەتی ئۆهایۆ، رەخنەی توندی لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ گرت و جەختیکردەوە جەنگی ئێران پێویست نەبوو.
سەبارەت بە بەڕێوەبردنی جەنگ لەگەڵ ئێران، ئۆباما تیشکی خستە سەر زیانە سەربازی و ئابورییەکانی ئەم ناکۆکییە و ئاماژەی بەوە کرد کە بە تێپەڕبونی حەوت مانگ بەسەر دەستپێکردنی جەنگەکەدا، نە تەنها سەربازانی ئەمریکی بوونەتە قوربانی و سەدان کەسیشیان بریندار بوون، بەڵکو کۆگاکانی موشەکی ئەمریکاش توشی کەمی بوونەتەوە.
هەروەها جەختی لەوە کردەوە، کە سەرەڕای بانگەشەکانی سەرەتای دەسەڵاتدارانی ئیدارەی ترەمپ سەبارەت بە سەرکەوتنی خێرا، ئێستا ئێران تاوانا و دەسەڵاتی تەواوی بەسەر گەروی هورموزدا سەپاندوە، کە رێڕەوی سەرەکیی گواستنەوەی نەوتی جیهانە.
ئۆباما کاریگەرییە ئابورییەکانی ئەم جەنگەی لەسەر ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییان رون کردەوە و بەرزبوونەوەی بەرچاو لە نرخەکانی سوتەمەنی و کاڵا سەرەکییەکانی پەیوەست کرد بە سەرهەڵدانی ئەم ئاڵۆزییە سەربازییانەوە.
سەرۆکی پێشوتری ئەمریکا، بەراوردی لە نێوان سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەکەی خۆی و ئیدارەی ئێستادا کرد و رەخنەی لە کشانەوەی تررمپ لە رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 گرت؛ دەڵێت؛ لە ئیدارەکەی ئەودا بە بێ تەقاندنی هیچ موشەکێک و تەنها لە رێگەی دیپلۆماسییەوە توانیبووی رێگری لە دەستگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی بکات.