قوربانیانی لافاوەکەی بەڕازیل بۆ ١٤٠ کەس بەرزبووەوە
کوردسات نیوز
١٨ی شوباتی ٢٠٢٢
ئاژانسەکانی ھەواڵ بڵاویانکردەوە، بەھۆی لافاو و رۆچوونی زەوی لە شاری پێترۆپۆلیس لە ویلایەتی ریۆدۆجانیرۆ، لانیکەم ١٠٥ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٣٥ کەسی دیکەش بێسەروشوێن بوون.
ئاماژە بەوەشکراوە، ١٣ لەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە منداڵن.
رۆبێنز بۆمتێمپۆ سەرۆکی شارەوانی پێترۆپۆلیس رایگەیاندووە، تائێستا ژمارەی قوربانییەکان بەوردی نەزانراوە و پێدەچێت ژمارەیان بەرزبێتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، بەھۆی رۆچوونی زەوی لانیکەم ٨٠ خانوو رووخاون و نزیکەی ٣٨٠ کەسیش ناچاربوون شوێنەکانی خۆیان جێبھێڵن.
چەند رۆژ پێش ئێستا شەپۆلێکی باران بارین رووی لە ناوچەکانی باشوری خۆرھەڵاتی بەڕازیل کرد و جگە لە زیانە گیانییەکان، زیانی ماددی زۆری لێکەوتەوە.