ناتۆ: روسیا ھێرش بکاتە سەر ئۆکراین باجێکی گەورە دەدات
کوردسات نیوز
١٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢
سکرتێری رێکخراوی ناتۆ دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ جێگری سەرۆک وەزیرانی ئۆکراین رایگەیاند، ئەگەر روسیا بەردەوام بێت لە کۆکردنەوەی ھێز لەسەر سنورەکانی ئۆکراین و ھێرش بکاتە سەر ئەو وڵاتە، باجێکی سیاسیی و ئابووری گەورە دەدات و ئەوانیش وەک ناتۆ پشتیوانی لە مافی ئۆکراین دەکەن بۆ بەرگری لە خۆکردن.
سکرتێری رێکخراوی ناتۆ لەبارەی دانوستانەکانی روسیا و ناتۆ و ئەمریکاش وتی، پێشوازی لە دانوستانەکان دەکەن و بەھیوان ئەنجامیان ھەبێت، بەڵام چاوەڕوان ناکەن گفتوگۆکان سەرجەم کێشەکان چارەسەر بکەن.
ماوەی چەند رۆژێکە دانوستان لەنێوان ناتۆ و روسیا لەلایەک و ئەمریکا و روسیا لەلایەکی ترەوە دەستیپێکردووە و ھەردوولا ھەوڵ دەدەن کێشەکانی تایبەت بە قەیرانی ئۆکرانیا و ئاسایشی ئەوروپا چارەسەر بکەن.