دادگاییکردنی ئەو کەسە بەڕێوەچوو کە لە بارەگایەکی ھەدەپە کچێکی کوشت
کوردسات نیوز
٢٩ی کانونی یەکەمی ٢٠٢١
لە دادگای تاوانە قورسەکانی ئیزمیر، دادگایکردنی "ئۆنور گەنجەر" بەڕێوەچوو کە لە ١٧ حوزەیرانی ئەمساڵ لە ناو بارەگایەکی پارتی دیموکراتی گەلان "ھەدەپە" لە شاری ئیزمیر، "دەنیز پۆیراز"ی کوشت کە کچی کارگوزارێکی باڵەخانەکە بووە و ئەو ڕۆژە لەبری دایکی باڵەخانەکەی پاککردووەتەوە.
بەر لە دادگایکردنەکە پەروین بوڵدان، ھاوسەرۆکی ھەدەپە ڕایگەیاند، ڕاستە بکوژی "پۆیراز" دادگایی دەکرێت، بەڵام ئەو کەس و ھێزانەی لەپشت بکوژەکەوەن ھێشتا ئاشکرا نەکراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا نەکراوە. وتیشی، ئەو فیشەکەی بە "پۆیراز"ەوە نراوە ھەمان فیشەکە بە دیموکراسییەت و ئاشتییەوە نراوە.
لە کاتی چوونە دەرەوەی لە ھۆڵی دادگا، بکوژەکە دەستی بە قسە و پێکەنین کرد، ئەمەش کاردانەوەی پارێزەران و کەسوکارەکەی "پۆیراز"ی لێکەوتەوە و گژی لە نێوانیاندا دروستبوو.