ئۆکراین داوای ھاوکاری سەربازیی لە ئەمریکا دەکات
کوردسات نیوز
٢٥ی کانونی یەکەمی ٢٠٢١
لێپرسراوانی ئۆکراین ڕایانگەیاندووە، وڵاتەکەیان پێویستییەکی زۆری بە بەھێزکردنی توانا سەربازییەکانیەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ھەڕەشەکانی مۆسکۆ، بۆیە لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا، وەزیری بەرگری ئۆکراین داوای ھاوکاری سەربازیی کردووە و داواکارییەکە دابینکردنی سیستمی بەرگری دژە موشەکیش لە خۆ دەگرێت، بەڵام لێپرسراوانی کۆشکی سپی ئاشکرایان کردووە، ئیدارەکەی بایدن تا ئێستا بڕیاری نەداوە و تاوتوێی ئەو ھەنگاوە دەکات.
جین شاھین و ڕۆب پۆرتمان ھەردوو ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکاش، داوایان لە ئیدارەکەی بایدن کردوە چەکی پێشکەوتوو و سیستمی بەرگری دژی موشەک و فڕۆکە و کەشتی و زریپۆش بداتە ئۆکراین تا بتوانێت بەو شێوەیە ڕێگری لە ھەڕەشەکانی ڕووسیا بکات.